ئوستون: یان وانە فێر دەبین، یان دەبێت بۆ هەڵوەشانەوە ئامادە بین

بەیزا ئوستون ئەندامی کۆمسیۆنی ئیکۆلۆژی هەدەپە ڕایگەیاند، یەکێک لە ئەنجامەکانی دەستوەردانەکانی کاپیتالیست ڤایرۆسی کۆرۆنایە و وتی، " یان دەرسی لێوەردەگرین، یان دەبێت بۆ هەڵوەشانەوە ئامادە بین."

بەیزا ئوستون ئەندامی کۆمسیۆنی ئیکۆلۆژی هەدەپە لەبارەی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. ئوستون ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی دەستوەردانی مرۆڤ لە سروشتدا بە ڤایرۆسی کوشتندە کرد.

ئوستون ڕاشیگەیاند، مرۆڤەکان دەستوەردانی زۆریان لە ژیانی ئاژەڵ و سروشتدا کردووە، بۆیە ئەنجامی بەم شێوەیە دروست بوو و ئەنفلۆنزای باڵندەی وەک نمونە هێناتەوە. ئوستون وتی، "ئەنفلۆنزای باڵندە لە پەتایەک دروست بوو کە باڵندەکان لە کۆچکردن ماندوو بوون و بۆ ئەوەی خۆیان لە زیندەوەرانی تر بپارێزن مادەیەکیان خوڵقاند و بووە هۆی دروستبوونی پەتاکە. لەبەرئەوەی هەموو شوێنێکی ژیانیان داگیرکراوە و هەموو شوێنێکمان کردووە بە چیمەنتۆ، ئیدی ئێمە و ئەوان لەناو یەکتریداین. بۆیە ئەو پەتایانەی کە لەواندا هەیە بۆ ئێمەش دەگوازرێتەوە و کاتێک ئێمە تووشیان دەبین، تا ئەندازەی کوشتن مەترسیدار دەبن.

وەبەرهێنانی کاپیتالیست پشتگیری لە ڤایرۆسەکە دەکات

ئوستون وتیشی، ئەم دۆخە بەهۆی دەستوەردانی کاپیتالیست لە سروشت و تێکدانی هاوسەنگی سروشتەوە دروست بووە و وەبیریهێنایەوە، سروشت پێشکەش بە بیناسازی، کان و وزە کراوە. وەبەرهێنانی کاپیتالیست بە بەرماوەکانی پشتگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکات و وتی، "ڤایرۆسی کۆرۆنا خاوەن ئەو تایبەتمەندیەیە کە دەتوانێت خۆی لە شوێنێک جێگیر بکات. لە وێستگەکان و کانەکان و هەوزەکانی کانزادا تێکەڵ بە ئاو و خاک دەبن و لە لایەکی ترەوە غازی کوشندە لە کەشوهەوادا بڵاو دەبێتەوە و ڤایرۆسەکان بە ئاسانی لەناویاندا دەژین. بۆیە ئەو جۆرە ڤایرۆسە کوشندانە بە ئاسانی تێکەڵ بە ئێمە دەبن."

ئوستون ئەوەی خستەڕوو، بینرا کە تەکنەلۆژیا ناتوانێت ژیان بپارێزێت و وتی، "بێچارەبوونی تەکنەلۆژیا لەبەرانبەر ڤایرۆسێکی بەم شێوەیە، نیشانەیەکی گەورەی ئەوەیە کە ناتوانێت ژیان بپارێزێت.

ئوستون دەڵێت، ئەگەر سیستمەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەمڕۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و سبەینێ شتێکی تر دەردەکەوێت.

هیچ شتێک وەک ڕابردوو نابێت

ئوستون وتیشی، هیچ شتێک وەک ڕابردوو نابێت، ژیان بەسەر دۆخی بەرلە ڤایرۆسەکە و دوای ڤایرۆسەکە دابەش دەبێت. باجی زۆر گەورە دەدرێت. گەلان فێر دەبن پێکەوە چارەسەری بدۆزنەوە. ئێدی هەموو کەس زانی سروشت نەبێت کەس ناتوانێت بژی. پێویستە مرۆڤ وانەی لێ فێرببێت. ئەگەر ئێمە بەم ئەندازەیە سروشت پێشکەش بە سەرمایە بکەین، وڵامی سەرمایەش بۆ ئێمە ئەمە دەبێت. سروشت زۆر جار وڵاممان دەداتەوە بەڵام ئێمە تێناگەین.

هەندێک جار بە بوومەلەرزە و هەندێک جار بە ڤایرۆس. کاتێک ئەو وڵامەمان گوێ لێبوو ئەو کاتە ژیانێکی جیاواز و لەسەر سیاسەتێکی جیاواز دروست دەبێت. هەموو کەسێک چۆن بیر لە ژیانی خۆی، بەو شێوەیە بیر لە ژیانی هەموو زیندەوەران دەکاتەوە. یان پێویستە هەموومان پێکەوە بژین یان تووشی ڤایرۆس و هەڵوەشین دەبینەوە."

ف.ق